2013-09-07

بورجه‌كان !!




زۆرن ئەو کەسانەی باوەڕی تەواویان بە کاریگەری بورجەکان هەیە بەسەر ژیانی ئێستاو چارەنووس و پاشەڕۆژیانەوە. ئەم
بڕوایە وای لێکردوون، بەبەردەوامی  تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەولاپەڕانەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان بن کە تایبەتن بە بەخت و بورجەکانەوە. ڕۆژنامەیەک یاخود گۆڤارێک ئەگەر گۆشەی تایبەت بە بورجەکانی تێدا نەبێت، نەک هەر بۆی ناگەڕێن و پەیدای ناکەن و نایکڕن، بەڵکو بەخۆڕایش دەستیان بکەوێت نایخوێننەوه‌.!!!

گەردوونناسی وەک زانستێکی سەربەخۆ جێگەی خۆی لەنێو زانستە سروشتییەکاندا کردۆتەوەو ئەستێرەناسیش کە ئەمڕۆ بۆچوونێکی کۆنی نازانستییە، پەیوەندییەکی ئەوتۆ، بەگەردوونناسییەوە نایبەستێتەوەو بەدوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن. لەئەستێرەناسیدا: گوایە ئەستێرەو
هەسارەو تەنە ئاسمانی و بورجە گەردوونییەکان، فەرمانڕەوایی بەسەر چارەنووسی مرۆڤ و ڕەوتی ژیان و تەنانەت ئایندەشیەوە دەکەن، دروست ئەو نوسراوانەیە کە سەبارەت بەبورجەکان لەڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا دەیانخوێنینەوە. بەڵام گەردوونناسی لە پێگەو جوڵەو پێکهاتەی ئەستێرەو هەسارەکان و شێوەکانیتری مادە ئاسمانییەکان، دەکۆڵێتەوەو ئەمڕۆ پشت بەمیتۆدو کەرەسەکانی زانستی فیزیای هاوچەرخ دەبەستێت.
ئەو نوسراوانەی لەگۆشەی بورجەکاندا بڵاو دەکرێنەوە ئەستێرەناسییە، کە لەچەند دێڕێکی گشتی دووبارەو چەندبارە تێناپەڕن و زادەی بیرکردنەوەی نوسەری ئەو دێڕانەن، کەسەکە بەپێی ویست و بەئارەزووی خۆی، چۆنی بۆ بێت و چۆنی پێ خۆش بێت، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە یان توێژینەوەیەکی وردی زانستی، بەڵکو بەپێی قسەوباسی زاری خەڵکی و ڕوداوەکانی ڕۆژ و کێشەو ئەندێشەکانی نەوەی گەنج (نەک گەورەو پیر ) ئەو بابەتانە هەڵدەبژێرێت و پێیوایە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی ئەوانە. لەئاکامی خوێندنەوەو بەدواداچوونی ئەو دەقانەدا، بێ دوودڵی و بێ سڵەمینەوە دەتوانین بڵێین: ناوەڕۆکی دەقی ئەو دێڕانە جگە سووکایەتی کردن و ڕابواردن بەعەقڵی خوێنەری گەنج و بەکەمزانینی ئاستی ڕوناکبیریی ئەو نەوەیە، هیچیتر نین و هەرگیز ناچنە نێو بابەتی مەعریفی هەمەڕەنگەوە تا بتوانن ئەندێشەی خوێنەر بۆ ساتێکی کەم زاخاو بدەنەوە هەروەها بابەتی کات بەسەربردن و بەزمەساتیش نین هەروەک بەرپرسانی ئەو گۆڤارو ڕۆژنامانە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوان دەڵێن بورجەکان خوێنەریان هەیە. یاخود دەڵێن: ئامانج لەبڵاوکردنەوەیان، وەڵامدانەوەی ئارەزوو یان داواکاری توێژێکی بەرفراوانی خوێنەرە. لێرەدا پێویستە بگوترێت: ئامانجی ڕاستەقینە تەنها وەربەرهێنانی ساویلکەیی خوێنەرە بۆ دەستکەوتنی زۆرترین قازانج کە لەبارە بازرگانییەکەیدا خۆی لە پڕفرۆشی گۆڤار یان ڕۆژنامەکەدا دەبینێتەوەو ئامانجێکی پیرۆز لەو هاوکێشەیەدا بەدی ناکرێت. بەڵام ئەو نوسینانە بۆ خوێنەریان هەیە؟ ئەو خوێنەرانەش بۆ باوەڕیان بەڕاستی ئەو قسانە هەیە کە بەناوی پێشبینی بورجەکانەوە بڵاودەکرێنەوە؟ لەوەڵامدا دەبێت ئەو حەقیقەتە سایکۆلۆژییەمان لەیاد نەچێت کە ئاراستەی عەقڵی مرۆڤایەتی، هەردەم بەلای گشتاندنی خێرادا دایشکاندووەو دایدەشکێنێت و خۆی بەنموونەیەکی کەم و دەگمەنی سەرکەوتووەوە دەبەستێتەوەو دەیکاتە پێوەر بەبێ زانین و لێکدانەوەی وردی پێشەکییەکان، بەدەرئەنجامەکان دەگات. ڕوونتر بڵێین: ئەنجامێک کە بەڕێکەوت ڕوویدا بێت دەیبەستێتەوە بەوهۆکارەوە کە هاوزەمان تێبینی کردووە بەبێ ئەوەی بەدوای پەیوەندی لۆژیکی نێوان ئەو هۆکارو ئەنجامەدا، گەڕابێت. گریمان کەسێک ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە نەخۆشە، بەڕێکەوت ڕۆژنامەیەکی هەفتەی ڕابردووی بەرچاو دەکەوێت و لەگۆشەی بورجەکەی خۆیدا دەیخوێنێتەوە: لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا نەخۆش دەکەویت. ئەگەر ئەم کەسە بەدوای هۆکاری ڕاستەقینەی نەخۆشییەکەیدا نەگەڕێت و سەردانی دکتۆر نەکات و هیچ پشکنینێکی پزیشکی ئەنجام نەدات، تەنها ئەو بڕوایەی هەبێت کە لەبورجەکەیدا هاتووە، بێگومان لەداهاتوودا بورجەکەی چی بۆ نووسی بێت هەرئەوە بە واقیعیی لەلای بەرجەستە دەبێت و بۆ لەشساغیش هەر دەبێت بورجەکەی چارەسەری بۆ بنوسێت و چاکی بکاتەوە. لەم بارە سایکۆلۆژییەی ئەو جۆرە کەسێتییانەدا، ئەو ئەزموونە دەبێتە پێوەر بۆ لێکدانەوەی لایەنەکانی تری جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی. ئەو کاریگەرییە بەسەر ئەو لایەنەوە ڕەنگدەداتەوەو هەتا ئەو کاتەی کەسەکە بڕوای وەها بێت و بەو شێوەیە بیر بکاتەوە.
شایانی باسە سەرچاوە زانستییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی مەعریفەی مرۆڤایەتی، ئاماژە بەوە دەدەن کە مرۆڤی دێرینی ناشارستانی، کە بەر لەدروسبوونی گوندو شارەکان، لەئەشکەوتەکاندا ژیانی گوزەراندووە، بەم شێوە سەرەتاییە چارەسەری کێشەکانی ڕۆژگاری خۆی کردووە.



با سه‌رنه‌که‌وتن له‌ کارێکدا ئاسایبێت!



با سه‌رنه‌که‌وتن له‌ کارێکدا ئاسایبێت!
ئه‌وه‌ کارێکی زۆر گرنگه‌ که‌ ئێمه‌ بتوانین خه‌ڵك فێر بکه‌ین که‌ له‌ هه‌ڵه‌کانیان سود وه‌ربگرن، که‌ ئه‌و هه‌سته‌ له‌لایان ڕوونبێت که‌ سه‌رنه‌که‌وتن و نه‌توانین به‌ گه‌یشتن به‌ئه‌نجام ته‌نها کاتیه‌و نابێت هه‌ستکردن به‌ شکست زاڵببێت به‌سه‌ریاندا و وازبهێنن له‌و شته‌ی ئامانجیان بۆداناوه.

له‌باتی ئه‌وه‌ی که‌ بڕیارێکی خێرا بده‌یت به‌سه‌ر که‌سێکدا که‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کردووه، ده‌توانین یارمه‌تی که‌سه‌که‌ بده‌ین که‌ هه‌ڵه‌که‌ ببینێت و بزانێت که‌ ده‌کرا ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نه‌کرایه. وه‌ ڕێگه‌ی پیشانبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خۆی ئاماده‌بکات و که‌ ده‌بێت چی بکات بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره کێشانه له‌ داهاتودا.

ده‌توانین هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بڵێین که‌ ئه‌وه‌ شتێکی باش بوو که‌ ئه‌و هه‌وڵیدا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی کاره‌که‌ی، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی درێژه‌پێدانی کارکردنی له‌باتی ئه‌وه‌ی که‌ ئیتر هه‌رگیز هه‌وڵنه‌دات. باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌م باره‌دا بتوانین نمونه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌خۆمان بگێڕینه‌وه‌ بۆ که‌سه‌که، که‌ چۆن هه‌ڵه‌مان کردووه‌ و سودمان له‌ هه‌ڵه‌کان وه‌رگرتوه.
ڕابه‌رێك/ کاربه‌ده‌ستێکی باش نابێت هه‌ڵه‌کانی خۆی به‌ته‌واوی بشارێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆی به‌ نمونه‌بوونی بۆ که‌سانیتر که‌ ئه‌و چۆن هه‌ندێ جار له‌شته‌کاندا سه‌رنه‌که‌وتوه‌ به‌ڵام هه‌رگیز کۆڵینه‌داوه‌ و بۆ ئامانجه‌کانی ڕۆشتووه، که‌ له‌ دوای خۆیشی زانیاری هێناوه.

هه‌ربۆیه‌ زۆر گرنگه‌ که‌ له‌کاتێکدا که‌سێك که‌ ڕۆڵی سه‌رۆکایه‌تی خێزانێك، به‌شێك، گروپێك، کارێك، شارێك...تاد ده‌کات خۆی بتوانێت به‌باشی کاربکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌کانیدا به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو و به‌هێز بۆ به‌ نمونه‌بوونی خۆی بۆ که‌سانیتر.



عه‌بدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنه‌ری ده‌روونی

2013-09-02

گوڵ و ماناکانی..

گوڵ و ماناکانی..


جوانی و بۆن خۆشی و مانا گه‌وره‌کانی و پاکی و بێگه‌ردی ناسکی ((گوڵ)) وای کردوه‌ که‌ له‌گه‌ل گۆڕانی مرۆڤه‌کان و مۆدێلات و پیداویستیه‌کان له‌ هه‌موو دیاریه‌ک زیاتر په‌سه‌ند بێت بۆ هه‌موو بۆنه‌کان،، به‌ داخه‌وه‌ که‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ ئه‌و گرنگیه‌ی پێ نه‌دراوه‌ که‌ له‌ وڵاتانی تر ئه‌بیبین و شاره‌زامان که‌مه‌ له‌و بواره‌دا ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ که‌ خه‌ڵک به‌ گشتی گرنگی پێ نه‌دات،،
گوڵ به‌ پێی ره‌نگ و جۆری مانا ئه‌به‌خشێت،، لێره‌دا ته‌نها له‌ رووی ره‌نگه‌وه‌ ماناکانی ئه‌خه‌مه‌ روو:

گوڵی سور:


به‌ گشتی ئه‌م گوڵه‌ مانای خۆشه‌ویستیه‌کی راسته‌قینه‌یه‌.. نیشانه‌ی عاشقانه‌،  و چه‌ند پله‌یه‌کی هه‌یه‌ به‌ پێی کاڵی و تۆخیه‌که‌ی..
سوری تێر نیشانه‌ی هه‌ستێکی قولی خۆشه‌ویستییه‌،، به‌ڵام ره‌نگی سوری کاڵ مانای خۆشه‌وسیتیه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌،، سوری ئاگریش واته‌ خۆشه‌ویستی دلی ئه‌و که‌سه‌ی سوتاندوه‌.


گوڵی زه‌رد:


به‌ گشتی به‌ مانای غیره‌ یه‌ت.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک گوڵێکی زه‌ردت بیاتێ مانای چیه‌؟؟، له‌و باوه‌ره‌دام مانای غیره‌ نیه‌ لێره‌دا به‌ڵکو مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ هه‌ستی گۆراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌و که‌سه‌ی گوڵه‌که‌ی پێشکه‌ش ئه‌کات..زۆر مانای تری وه‌کو هاوڕێیه‌تی ،، و هه‌ست کردن به‌ دڵته‌نگی که‌سی به‌رامبه‌ر له‌ کاتی ناخۆشیدا،، هه‌ندێ جاریس به‌ مانای خۆشیه‌ک دێت که‌ لاناخی ئه‌و که‌سه‌دا هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌.

گوڵی سپی:


سپی ره‌نگی وه‌فایه‌،، ئه‌گه‌ر که‌سێک گوڵی سپی پێشکه‌ش بکات مانای ویستی هه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندی ببه‌ستێ له‌گه‌ڵی جا په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی بێ یان خۆشه‌ویستی یان هاوسه‌ری.. گوڵی سپی ساده‌ مانای پاکی و بێگه‌ردی ئه‌به‌خشێت،، یان پاکی له‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان ئه‌و دوو که‌سه‌.

گوڵی مۆر:


مانای جوانیه‌کی زیاد له‌ راده‌ ئه‌گه‌یه‌نێت و سه‌رنجراکێشانی به‌رامبه‌ر به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ره‌نگه‌ له‌ هه‌ندێک کاتدا به‌کارهینانی باش نیه‌.

گوڵی پرته‌قاڵی:



نیشانه‌ی شانازی و فه‌خره‌..مانای ساده‌ی و پاکیه‌.

گوڵی شین:


مانای خه‌یاڵ و به‌ده‌ستهێنانی ئاره‌زوویه‌کی قورسه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ره‌نگه‌ گوڵه‌ خۆی ده‌گمه‌نه‌ ،، کاتێک که‌سێکی پێشکه‌شی به‌رامبه‌ری ئه‌کات مانای وایه‌ که‌ هیوایه‌ک هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهینانی ئه‌و ئاره‌زووه‌.

گوڵی ره‌ش:


مانای کۆتایی ژیانه‌،،ئه‌م جۆره‌ ره‌نگه‌ گوڵه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام زۆر که‌م و ده‌گمه‌نه‌ و ده‌ست ناکه‌وێت،،، ئه‌گه‌ر که‌سێ پێشکه‌شی به‌رامبه‌ری بکات مانای وایه‌ ئه‌یه‌وێت کۆتایی به‌ په‌یوه‌ندی نێوانیان بهێنێت  هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ به‌ دیاری دانانرێت چونکه‌ نیشانه‌ی کۆتایی هێنانه‌.

گوڵی په‌مه‌یی:


پاکی ،، هه‌ست ناسکی،، ژیری،، به‌ره‌همی،، به‌ریئی،،وه‌ هه‌روه‌ها مانای به‌وه‌فای و باشی مامه‌ڵه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ جوانی و خوره‌وشتی به‌رز.

توو به‌سوده‌ بۆ پیاوان و ژنان له‌ قۆناغی هاوسه‌رگیریدا!!

توو به‌سوده‌ بۆ پیاوان و ژنان له‌ قۆناغی هاوسه‌رگیریدا!! 

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ خواردنی توو ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبوون و به‌پێتی به‌رهه‌می پیاوان. به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی ده‌یلی میلی به‌ریتانی توێژه‌ره‌وان له‌ تاقیگه‌ی لۆرانس بێركلی نیشتمانی ئه‌مریكی ئه‌وه‌یان ئاشكراكردووه‌
خواردنی توو بڕێكی زۆر له‌ ڤیتامین C ی پێویستی تێدایه‌ بۆ به‌پیتی به‌رهه‌می پیاوان و هه‌روه‌ها مه‌گنسیۆمی پێویست بۆ
به‌رهه‌مهێنانی هۆڕمۆنی تستۆستیرۆن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی پێدانی بواری زیاتر بۆ دروستبوونی منداڵ هه‌روه‌ها خواردنی توو ده‌بێته‌ هۆی
پارێزگاریكردنی سپێرم،هاوكات توێژه‌ره‌وان ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه‌ پیاوان له‌سه‌رو ته‌مه‌نی 44 ساڵیه‌وه‌ پێویسته‌ رێژه‌یه‌كی باشیان له‌ ڤیتامین C ده‌ست بكه‌وێت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر تێكچوونی DNA له‌ناو سپێرمدا،له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ جۆلییت ویلسۆن توێژه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت توو ده‌بێته‌ هۆی پێدانی خۆراكی پێویست بۆ توانای به‌رهه‌مهێنان له‌لای ژنان و پیاوان،بۆیه‌ زانایان ئامۆژگاری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن ده‌چنه‌ ناو پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه‌ گرنگی به‌ خواردنی توو بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ترسیان له‌ نه‌بوونی منداڵ نه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی توو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ترشی فۆلیك كه‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی كۆرپه‌. له.